|
| |
کورتەیەک لە ژیانی نوسەر
لە سلێمانی لە دایکبووە و ھەر لەوێ خوێندنی سەرەتایی لە
قوتابخانەی شێخ سەلام تەواوکردوە، دواتر لە « ناوەندی
ئەزمڕ» خوێندوێتی و ئامادەییشی لە « ئامادەیی ھەڵکەوت»
تەواوکردوە، لەزانکۆی سلێمانی و ھەولێر لە کۆلێژی زانستی
بەشی جیۆلۆجی خوێندکاربووە. لەساڵی ١٩٨٣ دا لە خۆپیشاندانی
زانکۆدا برینداردەبێت و زانکۆ جێدەھێڵێت. لە ساڵی ١٩٨٣
ـەوە تەواو خۆی بۆ کاری ئەدەبی تەرخاندەکات، لەو ساڵەدا
قەسیدەی نیشتیمان دەنوسێت کە کۆنترین
بەرھەمی بڵاوکراوەی نوسەرە و نۆ ساڵ دواتر بۆ یەکەمجار لە
دیوانی « گوناھ و کەرنەفال» دا
چاپدەکرێت. لە ساڵانی ھەشتادا نوسەر کۆمەڵێک قەسیدەی درێژ
دەنوسێت، لەوانە « شار»، «
گوناھ»
، «کەرنەفال» و چەندانی تر، دەستنوسی
یەکەمی ڕۆمانی «مەرگی تاقانەی دووەم» یش
ھەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوسەردەمە. لە پاییزی ساڵی ١٩٨٩ دا
یەکەمین وتاری بە دوو بەش بە ناونیشانی « قسەکردن
لە پەراوێزی بێدەنگی» دا لە ڕۆژنامەی «پاشکۆی
عێراق»دا بڵاودەبێتەوە. لە ڕۆژانی سەرەتای ڕاپەڕیندا،
لەگەڵ کۆمەڵێک نوسەری تردا ژمارە یەکی " گۆڤاری
ئازادی" دەردەکەن کە دواتر پێنج ژمارەی لێ
بڵاودەبێتەوە. لەساڵی ١٩٩٢ دا یەکەمین کۆمەڵە شیعری
بەجۆرێکی ئێجگار سادە و سەرەتایی و بە تیراژێکی کەم
چاپدەکرێت. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٤ چەندەھا کۆڕ و
سیمینار لە ھەولێر و سلێمانی پێشکەشدەکات و ئیشەکانی لە
پاڵ ئیشی کۆمەڵێک نوسەر و ڕۆشنبیری تردا وەک سەرەتای
سەرھەڵدانی جۆرە تێڕوانینێکی دی بۆ ئەدەب و کۆمەڵگا
سەیردەکرێن.
دوای سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە ئەیلولی ١٩٩٤ دا کوردستان
بەجێدەھێڵێت و ڕوو دەکاتە سوریا، پاش نۆ مانگ ژیان لە
دیمەشقدا دەگاتە ئەڵمانیا و تاساڵی ١٩٩٩ لە فرانکفۆرت
نیشتەجێ دەبێت. لەو ماوەیەدا لەگەڵ کۆمەڵێک ھاوڕێی دیکەدا
دەبێتە یەکێک لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری ڕەھەند، لە ساڵی
١٩٩٨ یشدا ڕۆمانی «
ئێوارەی پەروانە»
دەنوسێت. لەساڵی ١٩٩٩ وە لە شاری کۆڵن نیشتەجێدەبێت. تا
ئێستا ئەم بەرھەمانەی نوسەر چاپکراون:
١. « گوناھ و کەرنەفال
ـــ شیعر»
٢. « مەرگی تاقانەی دووەم
ـــ ڕۆمان»
٣. «
ئێوارەی پەروانە
ـــ ڕۆمان»
٤. « کۆی بەرھەمە شیعرییەکان
١٩٨٣ - ١٩٩٨»
٥. «
دواھەمین ھەناری دونیا
ــ ڕۆمان»
٦. « بۆھیمی و ئەستێرەکان
ـــ شیعر»
٧. « ئیشکردن لە دارستانەکانی
فیردەوسدا ـــ شیعر»
٨. « وەڵام لە ڕۆژگاری ونبوونی
پرسیاردا ـــ سیازدە چاوپێکەوتن لەگەڵ
بەختیار عەلی»
٩. « ئیمان و جەنگاوەرانی
ــ فیکری سەلەفی و دەرکەوتە نوێکانی لە ڕۆشبیریی
کوردیدا»
١٠. « خوێنەری کوشندە
ـــ کۆمەڵە وتار»
١١. «
شاری مۆسیقارە سپییەکان
ـــ ڕۆمان»
١٢. « تا ماتەمی گوڵ … تا خوێنی
فریشتە ـــ کۆی بەرھەمە شیعرییەکان
١٩٨٣ ــ٢٠٠٤».
لە پاڵ ئەم بەرھەمانەدا نوسەر دەیان باس و لێکۆڵینەوەی درێژی لە گۆڤار و
ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردۆتەوە، بڕیارە لە ساڵی ٢٠٠٨ ــەوە
پڕۆژەی کۆکردنەوە و لە چاپدانی کارە تیورییەکانی نوسەر لە
کۆمەڵێک بەرگی تایبەتدا بۆ دووبارە کۆکردنەوە و
بڵاوکردنەوە و ڕێکخستنی ئەو وتارانە لە لایەن چاپخانەی
ڕەنجەوە لە سلێمانی دەست پێبکات.
|
|
|
|
|
|
|
|