left top right
Bachtyar-Ali.COM
spacer4
arrow Contact GuestBook Gallery About About This Website Home right
under
 
بەشی یەکەم لە ڕۆمانی
دواھەمین ھەناری دونیا


من لەبەربەیانی یەكەمەوە زانیم كەدیلیكردوم. لەكۆشكێكدا، لەناو جەنگەڵ و دارستانێكی نادیاردا، ئەو پێیگووتم لەدەرەوە دەردێكی كوشندەی وەك تاعوون بڵاوبۆتەوە. كەدرۆیدەكرد، باڵندەكان هەموو دەفڕین. لەمنداڵییەوە وابوو، هەر كاتێك درۆیبكردایە، شتێكی دیكە ڕویدەدا؛ یان باران دەباری، یان درەختەكان دەكەوتن، یان باڵندەكان بەپۆل بەسەرسەرماندا دەفڕین. من لەكۆشكێكی گەورەدا دیلبووم، كتێبی زۆری بۆ هێنام و گووتی بیانخوێنەوە. من پێمگووت «لێمگەڕێ بڕۆمەدەرێ» گووتی « سەرتاپای دونیا نەخۆشییە، موزەفەری سوبحدەم، لێرەدا لەم دونیا جوانەدا دانیشە، ئەمە ئەو كۆشكەیە كە بۆ خۆمم دروستكرد … بۆ خۆم و فریشتەكانم … بۆ خۆم و شەیتانەكانم … لێرەدا دانیشە و ئارامبگرە… فریشتەكانی منیش بۆتۆ و شەیتانەكانی منیش بۆ تۆ … دەرەوە تاعوونە و دەبێت تۆ بەدووربیت … دوور، تێدەگەیت، تۆ دەبێت لەتاعوونەكان بەدووربیت». من لەوێ دووربووم لەتاعوون. لەمنداڵییەوە وابووین، ئەو شتەكانی خۆی بۆ من جێدەهێشت و من شتەكانی خۆم بۆ ئەو. «یاقوبی سنەوبەر» ئەو پیاوەی كاتێك سەیری ئاسمان دەكات شتێك ڕوودەدات، هەورێكی ناكاو دروستدەبێت، نەیزەكێك دەكشێت، نورێك توندتر لەخێرایی خۆی دێتە دڵمانەوەیان شەوێك زووتر لەوادەی خۆی دادێت. لەگەڵ ئەودا سروشت هەرگیز وەك خۆی نەبوو، من گەلەك لەگەڵیدا بەڕێگادا ڕۆیشتووم، ئەو لەگەڵ ڕێگاوبان و هەموو شتەكاندا سیحربازێكی گەورەبوو، دەیتوانی چەندین شەو و ڕۆژ بەڕێگاكاندا ڕامانكێشێت بێ ئەوەی هەست بەبرسێتی بكەین. من تاكەهاوڕێی دێرینەی بووم … لەمنداڵییەوە دەمناسی، ئەوانەی تر كە لەگەڵماندا شەڕیاندەكرد گەنجبوون، دواتر نیوەیان دەبنە دوژمنی و نیوەیان دەبنە نۆكەری. نازانم چیرۆكی من و یاقوب كەی دەستپێدەكات بیست ویەك ساڵ زیندان جگە لە كەمێك یادەوەری زیاتر هیچی بۆ نەهێشتوومەوە.
بیست ویەك ساڵ زیندان منی كرد بەكۆیلەیەكی تەواو ... لەو بیست ویەك ساڵەدا ئەو تاكەكەسێك بوو كەنامەی بۆدەناردم، لەكاغەزێكی چكۆلانەدا دەینوسی «كەهاتیتە دەرەوە سەردەمێكی تر دەبێت، تۆ لەخۆشترین كۆشكی دونیادا دەژی». ساڵ دوای ساڵ ئەو ئەو نامەیەی بۆدەناردم، ناوی خۆی نەدەنوسی یان دەینوسی دۆستێك كەغەریبیتدەكات یان لەبنەوە وەك جاران ڕەسمی باڵندەیەكی دروستدەكرد. من ساڵ بەساڵ بەدەستوخەتیدا هەستم بەشتێك دەكرد، هەستم بەگۆڕانێكی هێمن و لەسەرەخۆ دەكرد. لەماوەی ئەو بیست ویەك ساڵەدا هیچ شتێكم لەدەرەوە بۆ نەهاتبوو دونیای پێبخوێنمەوە، ئەو نوسراوانەی ئەو نەبێت. ئەو نامە بچوكانە تاكەڕێگای من بوون بۆ تێگەیشتن لەگۆڕانكارییەكانی دونیا. ئەو بیست ویەك ساڵ لەسەریەك ئەو ڕستەیەی بۆ دەنوسیمەوە، بیست ویەك ساڵ لەسەریەك من یەك ڕستەم لەدەرەوە بۆ دەهات، بەڵام بۆ من هەرجارەو مانایەكی هەبوو، لەخوێندنەوەی دەستوخەتەكەیدا گۆڕانكارییەكانی ڕۆحی یاقوبیشم دەبینی.
یاقوبی سنەوبەر پیاوێك بوو پڕلەفەنتازیا. شەوی یەكەمم لەو كۆشكەدا سارد و بێدەنگ و ترسناك بوو. بیست ویەك ساڵم بەتەنیا بردبووەسەر. بیست ویەك ساڵ بێدەنگ بووبووم، لەو بیست ویەك ساڵەدا ڕەنجێكی گەورەم دابوو زمانم لەبیرنەچێتەوە، نا زمانم لەبیرنەچووەوە، بەڵام لەو ساڵە دوورودرێژانەی زینداندا كاتی ئەوەم هەبوو جۆرە زمانێكی تر دروستبكەم، زمانێكی شیعرئاسا. كەهاتمەدەرێ دەمتوانی هەموو شتێك بڵێم، بەڵام بەجۆرێكی دیكە، بەجۆرێك هەندێ جار تێمنەدەگەیشتن. كەهاتمەدەرێ بۆنی سەحرام لێدەهات … هەموو سەحرایەك بۆنێكی خۆی هەیە، ئەوانە زیاتر هەستی پێدەكەن كە تەمەنێكی درێژ لەگەڵیدا دەژین. من بۆنی ئەو بیابانەم لێدەهات، تاكەجارێك منیان دەرهێنا، ئەو جارەبوو كە ویستیان لەگەڵ دیلێكی دەوڵەتدا بمگۆڕنەوە، بەڵام هیچ شتێك سەرینەگرت، پاش دەڕۆژ لەزیندانێكی دیكەوە دیسان گێڕامیانەوە بۆ بیابان. بیست ویەك ساڵ من گوێم لە لم دەگرت. زیندانەكەم ژوورێك بوو دوور لەهەموو دونیا، یەك ژووری بچوك لەناوەڕاستی دەریایەكدا لەلم.... یەك ژووری بچوك لەناو ئابڵۆقەی ئاسمان و بیاباندا. ڕۆژگارێك بەترسناكترین دیلی هەموو نیشتیمانیان دادەنام، جودا لەدونیا، لەو سەری ئەوسەری وڵات، لەو شوێنەدا كەخودا مرۆڤ لەیاددەكات، لەجێگایەكدا كەژیان تەواودەبێت و مەرگ دەست پێدەكات، جێگایەك ڕەنگی ئەستێرەیەكی خاڵی هەبوو … جێیانهێشتبووم. لەماوەی بیست ویەك ساڵدا فێربووم قسەلەگەڵ لمدا بكەم. سەیرتان لێنەیەت گەر بڵێم بیابان پڕە لەدەنگ، بەڵام مرۆڤ تەواو فێرنابێت ئەو دەنگانەجیابكاتەوە. من بیست ویەك ساڵ گوێم لەبیابان دەگرت و هیرۆگلیڤیای ئەو دەنگە جیاوازانەم شیدەكردەوە… گەر بیست ویەك ساڵ لەژوورێكدا بیت لەبیابان فێردەبیت ژیانی خۆت چۆن پڕبكەیتەوە، چۆن ئیش بۆ خۆت بدۆزیتەوە. گرنگترین شت ئەوەیە بتوانیت بیر لەزەمەن نەكەیتەوە، هەر كاتێك توانیت بیر لەتێپەڕینی كات نەكەیتەوە دەتوانیت بیر لەشوێنەكانیش نەكەیتەوە، ئەوەی پیاوێكی دیل دەكوژێت بیركردنەوەی بەردەوامە لەكات و شوێنەكانی تر. تا ساڵی حەوتەم ڕۆژ بە ڕۆژ دەمژمارد، بەڵام لەناكاو بەیانییەك لەخەو هەڵدەستیت و هەموو شتێكت لێتێكچووە… سەرەتا چركە بە چركە هەموو شتێك حیسابدەكەیت، بەڵام ڕۆژێك لەخەو هەڵدەستیت و سەیردەكەیت هەموو شتەكانت تێكەڵكردووە. نازانیت ساڵێكە یان سەدەیەكە تۆ لەوێیت، نازانیت وێنەی دونیا لەدەورەوە چۆنە. ترسناكترین شت ئەوەیە كە بزانیت یەكێك چاوەڕوانتدەكات، كەدڵنیابوویت كەس چاوەڕوانتناكات و تۆ لەبیر دونیا چوویتەتەوە، ئیدی دەكەویتە بیركردنەوە لەخۆت، دوای بیست ویەك ساڵ ژیان لەسەحرادا لم تەنیا شتێكە بتوانیت بیری لێبكەیتەوە. هەندێ شەو گوێت لەناوی خۆتە كە سەحرا بانگتدەكات، هەمیشە شەوان یان دەمە و ئێواران هەستمدەكرد بیابان بانگمدەكات، بەڵام گرفتی هەرەگەورە ئەوەیە كە نازانیت چی وەڵامبدەیتەوە. من خێوەكانی بیابانم بینی ئەو تارماییانەی لە لم دروستبووبوون، ڕەشەبا دروستیدەكردن و بڵاویدەكردنەوە. زۆری دەوێت تا فێردەبیت لەگەڵ لمدا قسەبكەیت. لەو بیست ویەك ساڵەدا فێربووم كە هونەری قسەكردن لەگەڵ لمدا شێوەیەكی ترە… قسەكردن لەگەڵ لمدا وەھایە کە تۆ نابێت چاوەڕوانی وەڵام بکەیت، قسەبكەیت و گوێ لەسەدای دەنگی خۆت بگریت، سەدایەك وەك خۆڵ، زەوی دەیبات و دەبێت بەژێر باری هەزاران سەدای ترەوە.
مانگی جارێك بواریاندەدام بچمە سەحراوە، پاسەوانێكیان دەهێناو من لەگەڵیدا چەند سەد مەترێك بەسەر لمەكاندا دەڕۆیشتم، ئەو ڕۆژانە خۆشترین ڕۆژانی ژیانم بوون … هەمیشە لەهەفتەیەك لەوەوبەرەوە خۆم بۆ ئامادەدەكرد، كەپێم دەخستە سەر لمەكان دڵمدەفڕی … بیست ویەك ساڵ من لەلم زیاتر هیچ هاوڕێیەكی ترم نەبوو … كەپێم دەخستەناو لمەكانەوە هەستم بەژیان دەكرد، هەستم بەزەوی دەكرد، هەستم بەو لایەنەبێسنوورانەی خۆمدەكرد كە لەو ژوورەدا مردبوون. هێدی هێدی خەڵكم یادكرد، تەنیا شتێك لەگەڵیدا دەژیام گەردون بوو … بیست ویەك ساڵ ماوەیەكی درێژەبۆئەوەی بیر لەگەردون بكەیتەوە، من لەناو لمەكەدا تەنیا بیرم لەگەردون دەكردەوە، خۆم لەبیاباندا هەڵدەكێشاو تینم تێدەگەڕایەوە. گەورەیی سەحرا هەستێكی بێئەندازە قووڵی بەئازادی لادروستدەكردم. گەر بیست ویەك ساڵ لەبیاباندا دیلبیت ڕۆژێك لەڕۆژان وات لێدێت جگە لەو ئازادییەی دەریا بێسنوورەكانی لم پێتی دەبەخشێت بیر لەهیچی تر نەكەیتەوە. پاش چەند ساڵێكی كەم لەزیندان ، دروست نازانم كەی بوو، وازم لەوەهێنا بیر لەسیاسەت بكەمەوە… شەوێك لەسەر ڕۆشنایی مانگدا بەئاگاهاتم، تریفەكان بەئەندازەیەك زیندانەكەمیان ڕووناككردبووە هەموو شتێكم وەك ڕۆژی ڕووناك دەبینی، ئەو ڕووناكییە هێزی ئەوەی پێبەخشیم جگە لەگەردون بیر لە هیچی تر نەكەمەوە. من لە مێژبوو مردبووم، یاقوبی سنەوبەر نەبێت كەس نەیدەزانی ماوم … هیچ كەسێكیشم نەبوو سۆراغمبكات من لەهیچەوە هاتبووم و بووبوومەوە بەهیچ. ساڵ دوای ساڵ یادگارییەكانم هەمووی دەبوون بەلم.
نەمدەزانی لەكوێ دیلم، سەحرایەك بوو بێناو. ئەو ڕۆژەی منیان بردەئەوێ چاویان بەستمەوەو چەندین ڕۆژ لەپشتی زیلێكی سەربازییدا بەڕێگاوەبووین. بەبۆنی ڕێگاكاندا دەمزانی ماوەیەكی زۆر درێژە بەسەحرادا دەڕۆین. بیست ویەك ساڵ منیان هەڵگرت بۆ ڕۆژێك بمگۆڕنەوە بەیەكێكی گەورە، دواجار لەشەوێكی تاریكدا منیان ئازادكرد.
دوای بیست ویەك ساڵ كەدێیتەدەرێ لەلم زیاتر هیچی تر نابینیت. لەلم زیاتر ناتوانیت بیر لەهیچ بكەیتەوە.
منیان هێنایە ئەم كۆشكەوە. من هیچ شتێك تێنەدەگەیشتم و ئارەزووی ئەوەشم نەبوو تێبگەم. هەموو شتەكان لەشەودا ئەنجامدران. تا گەیشتمە ئێرە لەتاریكییدا بووم، لەشەوەوە بۆ شەو. شوێنەكان بەئەندازەیەك تاریك بوون لەهیچ نەدەگەیشتم. لەو كاتەوەی لەزیندان هاتمەدەرێ تا ئەو كاتەی لەو كۆشكەدا چاومكردەوە ڕووناكیم نەبینی … دەستێك لەتاریكیدا بەخشیمی بەدەستێكی تر، دەستێك بێدەنگتر لەشەو، بێدەنگتر لەدیوار، بێدەنگتر لەدەرگا داخراوەكانی زیندانییەكی پیر. پیاوێك بوو مەچەكی گرتم و سوار ماشێنێكی تری كردم، هیچی نەگووت، گوێم لەدەنگی هەناسەكانیشی نەبوو. من تا ئەو كات تەنیا گوێم لەهاواری لم بوو. نەمدزانی بوكوێم دەبەن، بەلاشمەوە گرنگ نەبوو بۆكوێم دەبەن. بیركردنەوەی زۆر لەگەردون وات لێدەكات نەترسیت. تەمەنم بیست و دوو ساڵ بوو كەگیرام، كەئازادیانكردم تەمەنم چل و سێ ساڵ بوو. شەوێكی تاریك هاتن و چاویان بەستمەوەو بردیانم. من لەپاسەوانەكەم پرسی «دەمبەن بۆ ئەوەی بمكوژن» گووتی «نا دەتبەین بۆ ئەوەی ئازادتبكەین …» . تێنەگەیشتم مەبەستی لە ئازادی چییە. هیچ شتێك لەوە بێماناتر نییە دوای بیست ویەك ساڵ دیلی یەكێك باسی ئازادیت لەگەڵدا بكات. تاكە ئازادییەكی گەورەی من گەڕانەوەنەبوو بۆ دونیا، بەڵكو ئەوەبوو لێمگەڕێن لەسەحرادا بژیم. دڵنیابووم هیچ شتێك لەو دونیایە تێناگەم، ترسێكی گەورەم لەشارو لەمرۆڤان هەبوو، دوای چەند ساڵێك زیندان چیتر مرۆڤ و لمت بۆ جیاناكرێتەوە، من ئەو ماوەیە جگە لەپاسەوانەكانم كەسیترم نەبینی. ئەو پیاوانەی لە بیابان كپتر و سەیرتربوون. لەماوەی ئەو بیست ویەك ساڵەدا بەدەگمەن چەند وشەیەك قسەیان لەگەڵداكردم. پێدەچوو خۆیان لەسەحرادا لەدایكبووبێتن، لەسەحرادا ژیابێتن و لەسەحرا زیاتر هیچ جێگایەكی دونیایان نەبینیبێت.
كۆشكێكی گەورەبوو، بەڕێگایەكی زۆر سەختدا تێپەڕین، تاگەیشتینە ئەوێ بە هەڵبەزو دابەزی ماشێنەكەدا دەمزانی بەرەو هەرێمێكی شاخاوی دەچین. بەیانی كە لەپەنجەرەكانەوە سەیرمكرد لەگەڵا دەترسام. بەیانییەكی پڕ شنەی شەماڵ بوو، هەزاران گەڵای سەوز بادەیهێنان و دەیبردن لێممەپرسن ئەو گەڵا سەوزانە چیاندەكرد لەهەوادا، بەڵام من ترسەكانم وایانكرد سیمای چەندەها جانەوەری باڵدار لەناو درەختەكاندا ببینم، جانەوەری سەوز، جانەوەرگەلێك چاویان وەك دڵۆپەشەونمی درەوشاوەبوو. یەكەم بەیانی كە چاومكردەوە جگە لەپەنجەرە و ترس هیچم نەبینی. هیچ كەسێك، هیچ دەنگێك، ئاسەواری هیچ مرۆڤێك. پەنجەرەكانیش هەموو داخرابوون، خۆم بووم بەتەنیا لەكۆشكێكی گەورەدا، دەرگاكانی دەرەوە قفڵكرابوون، لەدەرەوەش سیماو دەنگ و دەركەوتەی ئادەمیزادێك نەبوو. تائەو سەوزاییە دڕندەیەم نەبینی تێنەگەیشتم ئازادكراوم … خودایە سەوزاییەكی بێوێنە دڵڕەق بوو، بەڵام تیشكێكی ڕۆشنی هەتاو لەنێو دەرختەكاندا سەمایدەكرد. ڕووناكییەك لەو ڕووناكییە ڕۆشن و ئاوێنەئاسا و بێسنوورەكانی بیابان دەچوو. دوای بیست ویەك ساڵ یەكەم بەیانیم بوو چاوبكەمەوە و بیابان نەبینم … بیابان ئەو دۆستە دێرینەی چووبووە ناو ڕۆحمەوە. دەمزانی ئەو منی هێناوە بۆ ئێرە، لەو كۆشكەدا شتێكم دەبینی ئەوی بەیادا دەهێنامەوە… یاقوبی سنەوبەر.
بەژوورەكانی ئەو كۆشكەدا كەوتمەگەڕان، هەستمدەكرد لەشم ناتوانێت لەگەڵ ئەو جوگرافیا تازەیەدا ڕابێت … شەوێكی سەیربوو … شەوێك هەرگیز لەیادمناچێتەوە… من هێشتا لەناو چنگی لمدا بووم، هێشتا بەدەگمەن باوەڕم بەئازادی خۆم دەكرد. نازانم كەی بوو منیان لەو ماشێنە داگرت، بەڵام هەستمكرد دەمەوبەیانە… من بەبۆندا دەمەوبەیانم دەناسییەوە، عەرد لەهەرجێگایەكدا بێت بەیانیان عەتری خۆی هەیە، من كەدوای بیست ویەك ساڵ پێمخستەسەر ئەو زەمینە هێشتا لەو دەریای لمەدا دەژیام، نیشتیمان هێدی هێدی بووبوو بەبیرۆكەیەكی خەیاڵی لەلام، ئەگەرچی من بۆنی شنەی بەیانم دەكرد، بۆنی عەتری درەخت و كزەی دۆڵەساردەكانی دەوروبەرم دەكرد، بەڵام هەموو ئەو بۆنانە هێشتا تێكەڵاوی هەستێكی قووڵبوون بەدەسەڵاتی بێسنووری لم، كەبەسەر زەویدا دەڕۆیشتم هێشتا هەمان ترسم هەبوو، ترس لە لەرزۆكی و خۆنەگیری و داچوونی قووڵ. من كەسم نەبینی، هەستم بەكەس نەكرد، هێند هەبوو كەچاومكردەوە لەماڵێكی بەریندا بووم، كەچاومكردەوە شەوبوو، تاریكی بوو، تەنیا مۆمێكی كز دەسووتا، مۆمێك لەگۆشەیەكی تاریكدا … مۆمێكی تازەبوو، دیاربوو یەكێك بەر لەهاتنی من ئەو مۆمەی داگیرساندووەو ڕۆیشتووە… من پڕ بەو كۆشكەهاوارمكرد «تۆ ئەی ئەوەی ئەو مۆمەت داگیرساندووەلەكوێیت؟». بەڵام جگەلەسەدایەكی قووڵ هیچی ترم نەبیستەوە… سەدایەك چین بەچین بەرەو ناو تاریكی دەڕۆیشت و لەوسەرەوە بەكزی و خامۆشی دەگەڕایەوە… سەدایەك دەرگای دونیایەكی تری لەمن دەكردەوە… سەدایەك زرینگەیەكی تری هەبوو جیاواز لەسەدای ناو لم. ئەو شەوە هیچ كەسم نەبینی، هیچ كەس لەو ماڵەدا نەبوو. یەكێك منی گەیاندە ئەو ماڵەو جێیهێشتم، گوێم لەدەنگی ماشێنێك بوو لەدوورەوە ڕۆی. كۆشكێك بوو بەناوماڵێكی سەیرەوە. لەشوێن حەوانەوەی پادشایەك دەچوو، بەڵام ئاسەواری مرۆڤێكم نەبینی. من ماندووبووم، دەمویست بخەوم، یان بمرم … لەپەنجەرە گەورەكانەوە سێبەری دارستانێكی چڕم دەبینی، پەنجەرەكان بەسەر دونیایەكی بەریندا دەیانڕوانی، ئاسمان وەك ئەوەی هوروژم بێنێت بەسەر سەرمەوەبوو، ڕەشی ئاسمان شتێكی تیابوو جیاواز لەڕەشی بیابان، لەبیاباندا شەو هەمیشە بریسكەیەكی برۆنزی هەیە، ئاسمان جوڵەیەكی تیایە لەجوڵەی لم دەچێت، لمێك كەڕەشێتی لەزوڵمەتی پشكۆیەكی خامۆش دەچێت، پشكۆیەك هەستدەكەیت هەناسەیەك دەیگەشێنێتەوە. بەڵام ئەو بەیانییە جوڵەی گەڵاكان دەیانترساندم … لەو بیست ویەك ساڵەی پێشوودا جیهان بەجۆرێكی تر لەپێشچاوم جوڵابوو. ئەو شەوە هەستم بەوەدەكرد لەگەردونێكی ڕێك و پڕ یاساو ئولفەتەوە هاتوومەتە گەردونێكی تر. بۆئەوەی بیرنەكەمەوەدەخەوتم، لەبری ئەوەی بەو كۆشكەدا بگەڕێم لەیەكەم كونجدا پاڵدەكەوتم و دەخەوتم. شتێك پاڵی پێوەدەنام لەپێخەفەكان بترسم. شتێك تەنیا پەیوەندی بەوەوەنەبوو كەبیست ویەك ساڵەمن لەسەر زەوی دەخەوم و پێخەفی ڕاستەقینەم نەدیوە، بەڵكو پەیوەندی بەو گومانەوەهەبوو كەدەرهەق بەو شوێنە تیامدا سەوزبوو. ساتێك بوو لەساتە ڕەشەكانی ژیان. بیست ویەك ساڵ بوو دەمزانی من لەكوێم و من چیم، دەمزانی بۆ لەو سەحرایەدا دیلم، بەڵام ئەو شەوە نەمدەزانی لەو كۆشكەدا چیدەكەم. ئەو شوێنە لەخەیاڵی من گەورەتر بوو، جەستەم ڕانەهاتبوو لەژوورێكەوە بچێتەژوورێكی تر. هەستمدەكرد شتەكانی ئەو كۆشكە تەنهایم دەكوژن، من سەر بەجوگرافیایەكی خاڵی بووم … جوگرافیایەكی بەتاڵ لەهەر زەخرەفەیەك، سەر بەدونیایەك بووم بێ دیكۆر، دونیایەك ئینسان جگەلەسێبەرەكەی خۆی هیچی دیكەی نەبوو، دونیایەك درێژكراوەی مرۆڤ تەنیا گەردون خۆی بوو. درێژكراوەی ڕۆح تەنیا لم و ئاسمان بوون. لەو ماوەیەدا من بیرم لەوەدەكردەوە كەخاڵێتی، بەتاڵی، نەبوونی هیچ زەخرەفەیەك جوانترین ژیانە… لم وامان لێدەكات، ئینسان بەوێنە ڕەسەنەكەی خۆی ببینین، بەو جۆرەی كەخۆی هەیە، بێ هیچ زیادەیەك، بێ هیچ درێژكراوەیەكی دەستكرد. من بەهەموو شتێك غەریببووم … هەموو شتێك ترسێكی بێوێنەی تیادروستدەكردم من لەو ساتەدا بۆ ژیانێكی خاڵی دەگەڕام … خاڵی لەهەموو سێبەرێك. نا وامەزانن من ئەم قسانە لە خۆڕا دەكەم … كەمن سەریاسی سوبحدەمم بەجێهێشت تەمەنی چەند ڕۆژێك بوو، ئەو كات نەمدەزانی سەریاسێك و سەریاسێك و سەریاسێكی دیكەش دێنە دونیاوە. نا وامەزانن من لەزیندان بیرم لەسەریاسی سوبحدەم نەكردۆتەوە… وامەزانن من باوكێكی بەدبووم و تەنیا بیرم لەلم كردۆتەوە، بەڵام كەبیست ویەك ساڵ تەنیا تەماشای لم بكەیت، لم و هیچی تر ڕۆژێك لەخەو هەڵدەستیت و هەموو شتێكت تێكەڵاوكردووە، هەڵدەستیت و هیچ وێنەیەكی تر لەیادەوریتدا نەماوە وێنەی لم نەبێت … ئاە هیچ شتێك وەك لم یادەوەرییەكانمان ناخوات هەموو ڕۆژێك هەڵدەستیت و هەستدەكەیت بەشێك لەڕابوردووت لەیادچۆتەوە. نا من هەرگیز سەریاسی سوبحدەمم لەیادنەچووەوە، هەموو دونیام لەیادچووەو سەریاسی سوبحدەمم لەیادنەكرد. تاكەشتێك بوو كەنەبوو بەلم، تاكەشتێك بوو هەمیشەسەوزبوو. ساڵگەلێكی زۆر هەموو بەیانییەك دەمبینی، هەموو ڕۆژێك لەخەیاڵمدا گەورەمدەكرد، هەزاران دەموچاوم بۆ دروستكرد، بیرم لەهەموو ئەگەرەكانی نیگاری كردەوە. ڕۆژانە لەنێوان پەنجەرەكانەوە تەماشای بیابانم دەكرد و بیرم لەو دەكردەوە. ڕۆژانێك دواتر كەهەموو ئەو شتە سەیرانە ڕویاندا، وای بۆ دەچووم هەموو كارەساتەكان لەو بەیانی و ئێوارە سەیرانەی بیابانەوە دەستیپێكردووە كەمن هەمیشە زیاد لەنیگارێك و زیاد لەشێوەیەكم بەسەریاسی سوبحدەم دەبەخشی. تا بەیانییەك لەخەو هەستام و لەناو نیگارو شێوەكاندا ونمكردبوو … ساڵ دوای ساڵ كەمتر بیرم لێدەكردەوە، لەبەرئەوەی دواجار نەمدەزانی بیر لەچی دەكەمەوە، بیركردنەوەكانم نەشێوەیان هەبوو نە ئاڕاستە، ئەوەی وایدەكرد بێغەم بیر لەو تاكە مرۆڤە بكەمەوە كەدوای خۆم جێمهێشتبوو، بیرۆكەی مردنی خۆم بوو، دڵنیابووم لەو ماوەدرێژەدا من مردووم و هەموو دونیا منی لەیادچۆتەوە. ئەو خەیاڵەی كەتۆ مردوویت و كەسانی تر بەبێ تۆ دەژین و ژیانیان شێوەڕوخساری خۆی وەرگرتووە، ئاسوودەیەكی مەزن دەبەخشێت بەمرۆڤ … ئەوەی هیچ كەس چاوەڕوانی گەڕانەوەت ناكات، دەبێتە بەهەشتێكی گەورەبۆت. دوای شەشەمین ساڵ تەواو دڵنیابووم كەئێدی هەرچییەك بێت سەریاسی سوبحدەم بەنەبوون و مردنی من ڕاهاتووە. مردنیش وەك زیندان ڕاهاتنە، مرۆڤ وەك هەر شێكی دی دەبێت ڕووبەرێكی داگیركردبێت تا دواتر هەست بەونبوونی بكەین. وەك هەر شتێكی دی، وەك گوڵدانێك لەسەر مێزێك، یان دەنگی ڕادیۆیەك لەپەنجەرەیەكدا، دەبێت سەرەتا شوێنێكیان گرتبێت و دواتر ونبووبێتن، بەڵام گەر لەسەرەتاوە شتێك نەبوو، دەنگێك یان ڕەنگێك نەبوو ئیدی هەست بەنەبوونی ناكەین. لەساتێك لەساتەكاندا من هەستمكرد ژیانی من لەو بیابانەدا بێئەوەی پێویستیم بەهیچ كەس هەبێت گەیشتۆتەدوا پلەی كەماڵی خۆی … من و ئەو شتانەی دەوروبەرم، من و ئەو هیچییە بێسنوور و بێئەندازەیەی گەردون پێكڕا لەدۆخی كەماڵدا دەژیاین. هەستمدەكرد دونیای دەرەوەی منیش نوقمی كەماڵی خۆیەتی. شوێنێكی گرنگم لەدونیادا نەگرتبوو، بێ من جیهان بەجوانترین شێوە دەڕۆیشت، بێ من شتەكان ژیانی خۆیان و مانای خۆیان هەبوو. هەستمنەدەكرد دووركەوتنەوەی من چ برینێكی لەسەر ژیانی كەس جێهێشتبێت. دوای بیست ویەك ساڵ دڵنیابووم كەسەریاسی سوبحدەمیش ژیانی خۆی دەژی، دڵنیابووم سەریاسی سوبحدەمیش وەك هەموو ئەوانی تر وادەزانێ مردوم … تا دەهەمین ساڵی زیندانیش من یەك ئومێدم هەبوو، ئەویش بۆ چەند دەقیقەیەك سەریاسی سوبحدەم ببینم و دواتر بمرم، بەڵام بەیانییەك لەخەو هەستام و وازم لەو ئاواتەش هێنا، دوای دەساڵ لەیەكدابڕان هەموو یەكدی بینینەوەیەك یەكدی ونكردنێكی ترە. من و سەریاس، باوك و كوڕێكی خەیاڵی بووین بەیانییەك كاتێك سەیری لمم دەكرد، كاتێك سەیری پیربوونی سەحرام دەكرد، تێگەیشتم كەهەرگیز نابمە باوك … ڕۆچوون لەناو لمدا واتلێدەكات نەبیت بەباوك  دەمزانی وەك تۆپەڵێك لم دەگەڕێمەوە، وەك یەكێك كەدەست دەخاتەسەر هەر شتێك دەبێتە تۆز … باوكایەتی ئامێزكردنەوەیە، بەڵام من چنگێك خۆڵی ڕەش بووم  من بەنیگایەكەوەدەهاتمەوەكەهەمووی دیمەنی بیابان بوو، هەستمدەكرد نزیكبوونەوەو حوكمدانم لەسەر كەسانی تر، هەتا هەتایەلەدیدی یەكێكەوەدەبێت كە وەك سەحرایەك تەماشای كۆی ژیان دەكات.
ئەو شەوەی كەگەڕامەوە نەمدەزانی سەریاسی سوبحدەم لەكوێیە، نەمدەزانی كەدواجار من و ئەویش لەناو جۆرە بیابانێكی دیكەدا وندەبین كە نەبیابانی من بوو، نەبیابانی ئەو.
 
Bachtyar Ali
Subjects
New Writing
Writing About
Theory Writing
Meeting
Poem
Novel
h Copyright© bachtyar-ali.com. All rights reserved.
Designed by
AKAM EnG
.
h