بەشێک لە قەسیدەی نیشتیمان
ئەی وڵاتم: بیست و سێ ساڵە بۆنی خاك و مرۆڤ و لیتە و
عارەقەكەی تۆ دەچێت بەسەرمدا و وەڕزنەبووم/ بیست و سێ
ساڵە/ چاوەنواڕم شەوێكی كپ، كچ و كوڕێكی شۆخ و شەنگ
بێنەخوارێ و بۆ دورگەێكی سەوز هەڵمگرن/ نەهاتیت و گلەیشم
لێنەكردی/ تۆش پێم دەڵێیت … خۆفرۆش و خیانەتكارم …
دڵم لە بەردە بۆ خەمت … بێ ئازارم…/ من هەتا تۆزێ سەر لەشی
چەقەڵەكانیشت دەپەرستم/ هەتا تنۆكە بارانی سەر دەستی
منداڵەكانیشت دەپەرستم/
بەڵام بڵێم چی … گەر ڕقم لەو پیاوە تەنگ ئەستور و
گومڕایانە بێت، ئەو پیاوانەی شەوی دەجار خەنجەر لە دڵی
جوانی دەدەن/ ڕۆژی دە جار كچانی ئۆفیس و نێو پاس و بەر
گۆگان هەڵدەمژن/ لەدوای هەموو خامۆشبوونی لەزەتێكیشەوە/
كاتێك زریزەی پانتۆڵەكانیان دادەخەن/ باسی شەڕی چینایەتی و
بەرەی گەورەی سۆشیالیزم دەكەن/ خوایە چی بكەم … ڕقم لەو كچ
و كوڕ و مامۆستا گێلانەیە/ كە وەكو شەمشەمەكوێرە لە داڵان
و حەوشەكانی زانكۆدا دێن و دەچن/ ڕقم لە مشك و سەرباز و
گۆڤاری بێ جنێوە/ ڕقم لە ماشێنی تازە و چاوێلكەی چێوە
زێڕین و خاوەن چێشتخانە و كۆگا و كاسێتفرۆشەكانە/ ئەی
نیشتیمان … ئەو دەستانەم خۆشدەوێت/ كە وێنەی دڵ و تیرێكیان
تیا كراوە/ ئەو كەپوانەم خۆشدەوێت، كە ئەلقەیان تێخراوە/
حەزئەكەم لە گوندێ بژێم … لەو دوورانە/ بەیانیان پیرێژنێكی
چاو بە خەو هەڵمسێنێ/ كە بانگ لە كچەكەی دەكات/
هۆی نێرێ … نیرگەلێ … نێرگسێ، هەستە مەشكەكەت بژەنە و
كۆڵوانەكەت بكەرە مل وا بەیانە.
*
*
*
ئەی نیشتمان/ لە ڕۆژانی قات و قڕیدا بیر لە باران
دەكەمەوە/ من بیر لەو دونیا بێدەنگەی تۆ دەكەمەوە/ ئەو
دونیایەی شەوگارانی وەكو چەقۆ … وەكو هاوار لە كۆڵانە
بێدەنگەكانی نیوەشەودا دەناڵێنێ/ ئەو جەستانە … جەستەی ئەو
پیرێژنە گریاوەی لە مەرقەدی شێخ و لە ماڵی هەتیوەكاندا
دەناڵێنێ/
منیش هەڵۆیەكی پیرم … پشیلەیەكی مۆمیاكراوم/ جاڵجاڵۆكەیەكم
لە سندوقێكدا/ قالۆنچەیەكم لە پێڵاوێكی كۆندا/ ئەویش تیشكی
خەونە تەڵاییەكەی تۆیە/ زرنگەی دەنگە زیوینەكەی تۆیە/
بریسكەی چاوە بڕۆنزییەكانی تۆیە/ مستێ ئاوم بدەرێ/ هەتا
ماوم دەستی چەوری كرێكارەكانت دەشۆم/ تیكەیەكم پێبدە/
لەگەڵ منداڵە برسییەكانت دەیخۆم/ جوتێ چاوی شین و قژێكی
زەردم بدەرێ، حەز لە كچە ڕەشتاڵە لاوازەكانت دەكەم، وەكو
ڕاوكەرە پیرەكان/ كڵاشەكەم دەخەمە ژێر سەرم و دەنووم/
دەنووم تا پێغەمبەرەكان زیندوودەبنەوە و كتێبی نوێمان بۆ
دێنن/ دەنووم تا پیرۆمیسۆس ئاگرە دزراوەكەی دەگێڕێتەوە/
دەنووم تا نەرسیس لە ئاو دێتەوەدەرێ .../
ئەی وڵاتم دەنووم … تا ئەم كوڕە نەفام و ڕیشن و بەدلڤاوانە
تاقیاندەبڕێ/ تا ئەم كچە خڕوخۆڵە پاشەڵپیسە دڵڕەقانە
تاقیاندەبڕێت خوایە … خوایە … دەنووم تا هەتاهەتایە.
*
*
*
هەندێ جار وا هەستدەكەم/ وەك مووشەك لە شەوەزەنگدا/ وەك كچ لە ترومبیلی
سەفەردا زەق و دیارم/ هەندێ جاریش وا هەستدەكەم/ وەك
قورئان لە ماڵی سۆزانیدا/ وەك كاتژمێر لە دۆزەخدا بێكار و
فەرامۆشكراوم/ خوایە كەی بێت لەم زێرابە ڕەش و لیخن و
پیسەوە/ جارێكی تر یەكێكی تر لەدایكبێت/ لە كتێبخانە و
شەقام و بەر سینەماكاندا بۆم بگەڕێت/ یادی ڕۆژگارەكانم
بكات/ ئاواتبخوازێ و حەزبكات/ ئەو كوڕە چاوكاڵە بچكۆلانەیە
سەرلەنوێ زیندووبێتەوە/ بێت گۆڕەكەم هەڵباتەوەو
ئێسقانەكانم بژمێرێت/ كەلەسەرەكەم بگرێت بە دەستییەوە و
بیلاوێنێ/ مەگەر بە تەنها ئەوكاتە/ ئا، ئەو مناڵە بێباكە/
لەم تاریكییە دەرمبكات/
ئەی وڵاتم … گوناحی من چییە/ ئەگەر دز و شۆفیز و لانەواز و
ژنە مەمك چرچەكانتم خۆشبوێت/ ئەو پیرەمێردانەم خۆشبوێت كە
فرمێسكی خۆیان دەفرۆشن/ ئەو كچە بچكۆلانەیەم خۆشبوێت/ كە
وەك كچی گەورەپیاوان/ حەزیان لە كراسی سوور و جلی مەخمەڵ و
قەیفەیە/ حەزیان لە بۆنی عەتر و پەنجەی ئەستوری لاوخاس و
لەزەتی ئەودیو پەردەیە.
ئەی ولاتم/ كوێر باڵداری
پێناپێكرێت و منیش كوێرم/ بەڵام كوێریش دەزانێت/ كۆشكی سەد
نهۆم و كۆڵیتی وێرانە مانای چی/ دەزانێت … شمشێرێكی لە
ئارەزووی شاژن درێژتر و گەردنێكی لە پیاوەتی شا باریكتر،
مانای چی دەزانێت مانای چی بیست و سێ ساڵ لەسەر دەستت
بەناو بەفردا بڕۆیت/ بیست و سێ ساڵ، بە كامی دڵ قەپاڵ لە
هەرمێیەك نەگریت/ بە دیدو هوڕ لە ماشێنێكی سەوزدا
شەقامەكان جەنجاڵنەكەیت/ ئەی وڵاتم/ ئەم پلەكە پێچاوپێچانە
فڕێدە/ با پزیشك و دانسازەكان لەو باڵەخانە و جێگە چەپ و
كۆڵانە خەمگینانە بێنەدەرێ/ با بەندیخانەكان لەم
شەقامانەدا بكەینەوە/ هەر دیلەی بە كالیپتوسێكی سەوزەوە
دەبەستینەوە/ وەرە ئەی وڵاتم، حەزێكی دوور و درێژ/ وەكو
دوكەڵكێشی كارگە گەورەكان دروستدەكەین/ وەكو سمۆرە چۆن
لەسەر دار دادەنیشێت … دادەنیشین/ تۆ چاوێلكەیەكی ڕەش و
بریقەدارت لە چاودایە و پێدەكەنی/ منیش ئارەزوو لەناو
زگمدا وەكو دوكەڵ لە شوشەیەكی باریكدا … دێت و دەچێت/ ئەی
وڵاتم … من ئالێرانە و تۆ لەوێ/ بمانەوێ و نەمانەوێت …
خۆشەویستی یەكمان دەوێت/ تۆ پیاوێكی سمێڵ زەرد و چاوكاڵ و
بازوو ئەستوریت / منیش كچێكی لاواز و بێنەوام/ خۆم بە
گەردنتدا هەڵدەواسم … دەڵێم بمبە … بمفڕێنە/ بمخەرە سەر
هەردوو شانت …/ ئەی نیشتمان … حەزەكەشمان هەتا بێت گەورەتر
دەبێت/
دەڵێم … بمنێرە پشتی ئەسپە سورە كێوییەكەت / وەكو تاڵانی
بمبە بۆ كوڕانی خێڵەكەت/ منیش پرچە ڕەشەكانم/ بەسەر سینەی
تۆپزیمدا، هاتۆتەخوار / تا لەزەتی هەرچی لە خوا ترسی
دنیایە دەیتەقێنم، عیشوەدەكەم/ تا بە لەزەت چاوی یاسا و
شەریعەتە ئاسمانییەكان كوێردەكەم، عیشوەدەكەم/ دەی ئەی
وڵاتم … بمڕفێنە … بمڕفێنە/ بە ڕووتی لە پێش دەمی سەرۆك و
جەنگاوەرە ئازاكانتدا سەمادەكەم … ئەگەر نەمبەیت … دوا
پەردەی شەرم و شكۆ دەدڕێنم / دەبمەوە بە كچە چاونەترسەكانی
ناو دارستان /
دەڕۆم و دەبم بە هاوەڵی ئەسپ و گورگە بریندارەكان / دەبم
بە دەستگیرانی سەگ و نێرە ورچە چەتوونەكان.
|