left right
بۆ ئەوەى باڵندەکانیش بە دەردى غەزەلنووس نەڕۆن
سوارە نەجمەدین
نووسەرى زیندوو ئەوەیە دواى خۆى ژیان بدات بە پاڵەوانەکانى، هەر بۆیە پەروانە و سەریاس و جەلادەت وردە وردە شوێنى بەختیار عەلى دەگرنەوە، ئەوە نووسەر نیە بە دواى خدرى زیندەیا وێڵبێت، ئەوە پاڵەوانى دەقێکى زیندووە ئاوی حەیاتى خواردووەتەوە، نووسەرى راستەقینە بەدواى پاڵەوانى نەمردا دەگەرێت، هاوکات هیچ هێزێک نیە لە دونیادا بتوانێت غەزەلنووس بکوژێت، بەڵام زۆر بە ئاسانى نووسەرەکەى فەرامۆش دەکرێت دەتوانرێت وا بکرێت کتێَبەکە زۆر بە بێ دەنگى تێپەڕێت، کە زەرەرمەندى یەکەم لێرەدا نووسەر نیە، بەڵکو ئەدەبیاتە، ئەوەى من لێرەدا دەخاتە بەردەم پرسیار، گوزەرکردنى (غەزەلنووس و باغەکانى خەیاڵ)ە، بەو فەزاى بێدەنگیەدا، کە ئەمەش چەند ئەگەرێک هەڵدەگرێت، بەڕاست ئەم رۆمانە خۆى لاوازە و شایەنى قسەکردن نیە، یاخود لەسەر و ئاستى باڵاوەیە و جورئەتى قسەکردن نیە، هاوکات هەندێک بۆ ئەوەى دەگەڕێننەوە کە پێش دەرچوونى نووسەر خۆى لە دیدارەکانیدا لەبارەیەوە دواوە و ئەمەش قسەکردنى بۆ قسەکەرانى دیکە نەهێشتەوە،
بەڵام ئەى رەخنەگران؟
خوڵاسە ئەگەرەکان زۆرن، کە لە کۆتایدا ئەگەرى ئەوە دێت، بیدەنگى لێکرابێت، راستەوخۆتر ویسترابێت بێدەنگى لێبکرێت، کە ئەمەش یارییەکە دەباتە پلەیەکى زۆر نادیار و ئاڵۆزترەوە، کە من بۆخۆم ناتوانم بە بێ هەڵە قسەى لەسەر بکەم، بەڵام دەکرێت خەمى ئەم رۆمانە هەق بۆ رۆمانێکى دیکە بکاتەوە و نەهێڵێت ئەم جارە یاریزانەکان پێڕەکان کەشف بکەن، بۆ ئەوەى باڵندەکان وەکو غەزەلنووسیان لێنەیەت، دەبێت وا بکەین ئەدەب شوێنى زۆر شت بگرێتەوە، ئەوە تاوانى رۆمانێک نیە کە متمانە ناکرێتە سەر ئەدەب بۆ ئەوەى دونیا بگۆڕێت، بەڵکو ئەوە بارۆنەکانن نایانەوێت کار بە ئەدەب بکەن، کارى ئێمە بە تەنها قسەکردن نیە لەسەر دەقەکان، بەڵکو قسەکردنە بۆ ئەوەى کاریان پێبکرێت، هەنگاوى یەکەم ئەوەیە نەیەڵین، ئەدەب بکوژرێت،
( کۆشگى باڵندە غەمگینەکان) دواین رۆمانى بەختیار عەلیە، یەکێکى دیکەیە لەو تاقیکردنەوانەى کە گوریسى جوانکردنى دونیا دەهێنێتەوە دەست ئەدەب، بۆیە تێپەڕبوونى بە بێدەنگیدا هەنگاوێکى دیکە لە جوانى دوورماندەکاتەوە، جارێکى دیکە ئەدەب دەکاتەوە بەردەم حەقیەنتێک کە فەردەکانى کۆمەڵگا و سیاسەت لغاوى ئەدەب دەکەن، نەک ئەدەب رێنیشاندەرى ئەوان بێت، من بۆخۆم بەم بچووکیەوە پێم وایە ئەوەى ئەدیبێک دەیکات زۆر گەورەترە لەوەى سەرهەنگەکان دەیکەن، ئەوە تۆپ و تانک و فرۆکەکان نیە دونیا لە مەترسی رزگار دەکات، بەڵکو ئەوە وشەکان و وێنەکانن دەیانەوێت دونیا جوان بکەن، هەموو دیکتاتۆرەکان ناتوانن منداڵێک لە برسێتى رزگار بکەن، بەڵام رۆمانێک دەتوانێت، وا لە من بکات پارەکانى گیرفانم لەگەڵ سواڵکەرێکدا بەشە بکەم، سەدان کەلتور و هەڕەشە رێگاى ماڵى یارەکەمم بیر ناباتەوە، بەڵام شیعرێک وام لێدەکات، هەموو توانام بخمە گەڕ بۆ دزینى گوڵێک، (فاتیمەم) دەتوانێت نەیەڵێک نەمەکى نیگاى بکەم، بەڵام لە چیرۆکێکدا دەیانجار لە گەڵیدا دەخەوم و پێویست ناکات بوتڵێ عارەق و پارچەیەک ڤالیۆم بخۆم.

٢٢-٦-٢٠٠٩
سه‌ره‌تا
Bachtyar Ali
Subjects
New Writing
Writing About
Theory Writing
Meeting
Poem
Novel
Published
Copyright© bachtyar-ali.com. All rights reserved.
Designed by AKAM EnG.