left top right
Bachtyar-Ali.COM
spacer4
arrow Contact GuestBook Gallery About About This Website Home right
under
 
                  قەسیدەیەک لە دیوانی بۆھیمی و ئەستێرەکانەوە
یادگارەكانی پیرەمێردێك
من هێند پیرم، شەوی لە دایكبوونی زەریام لە بیرە، لە بیرمە بەیانیان لە كوێوە ئەستێرە دەگەڕایەوە بۆ ماڵ. دەزانم مانگ لە چ كوچەیەكدا گەورەبوو. تۆزی ئەو كۆڵانەم لە یادە كە یەكەم باڵندەی تیا نیشتەوە. من پیرم، یەكەم مەرەكەبم لە بیرە كە لەسەر یەكەم كتێب ڕژا. میللەتانم لە بیرە، دڵیان سەرتاپا ستایشی یەكدی بوو. مرۆڤم لە یادە دەیگووت: من قەرزاری تۆم ئەی كۆتر … من كوڕی تۆم ئەی شیری سپی بەیانیان. من شەوم بینیوە، لە تۆزی ڕوخانی گوڵدا خنكاوە … من پەنیری ڕەش، پرتەقاڵی سپی، مۆزی ئەستێرەییم بینیوە. لە شەربەتی بە جێماوی شەڕ، لەشەرابی ڕژاوی پێغەمبەرانم خواردۆتەوە. من بتەكانم پەرستووە، لە سوڕی مردن و هەستانەوەی خوداكاندا بەشداربووم. وەرزگەلێك لە ڕیزی سەربازەكانی شەیتان و وەرزگەلێك جەنگاوەری فریشتەكان بووم. من بام لەگەڵ كۆیلەكاندا سوار كەشتی كردووە. هەورم كردووە بە كفنی كوژراوەكان، عەدەنم نیشانی ئاشووبەكان داوە، حۆریم بە دیلی ناردووە بۆ ئەستانە. دەنگی تۆپەكانم ئێستاش لە گوێی زەریادا دەزرینگێتەوە. فووی جەنگاوەرانم ئێستاش لە گەشانەوەی هەموو ئاگرێكدا هەیە. من پیرم … تانزیك ڕۆما برای هانیپال بووم، تا نزیك بابل دۆستی ئەسكەندەر و تا نزیك بەغداد سەرلەشكرێكی بچوكی گوردانە خوینخۆرەكانی هۆلاكۆ بووم. تلیاكم بە كەشتی بردووە بۆ چین. لە هیند میسكم بە پورتوگالەكان فرۆشتووە. لە دەوروبەری غەرناتەدا، پاسەوانی باغچە بووم. لە شایی كچە پاشاكاندا لەگەڵ زریابدا گۆرانیم گووتوە. مەسینەی دەستنوێژم بۆ ئەمیر لە دەریاوە بردووە بۆ مەكە. لە زاگرۆسەوە تیرم گرتۆتە دەروێشەكانی ئەسفەهان. چووم بۆ خوتبەكانی هارون، چووم بۆ باغەكانی هەڵەمووت، لە حەمامی قاجارییەكاندا خۆمشتووە. عەترم كردووە بە نوێنی بەرمەكییەكانەوە. شفرەم بۆ قرمتییەكان داناوە. قەڵغانم بۆ بابەك هەڵگرتووە. من پیرم … من بووم شمشێرەكانی تەیمورم دەشت. من بووم بەتانییەكانی قەیسەرم قەددەكرد. من بووم بەرماڵی خەلیفەكانم دەتەكاند. من پیرم، تۆش پیریت، ئێوەش پیرن … من لەیادمە كە چی بووم، بەڵام تۆ لەیادت نییە. من لە یادمە كە شەوەزەنگ دروستیكردووم، بەڵام حاشاكردنی تۆ لە تاریكی، نمەك حەرامییە. من لە یادمە كە منداڵی حەرامزادەی زوڵمەتم تۆش لە یادتە، بەڵام خۆت بە سەیركردنی هەتاوەوە غافڵدەكەیت لە یادتە و بە یاریكردن لە گەڵ دەریادا خۆت دەكەیت بە خواجای گوڵەكان لە یادتە و بە سەیركردنی درەخت، ڕەچەڵەكی خۆت لە ئێمە و باڵندەكان وندەكەیت لە یادتە و بە ئاشتكردنەوەی نور درۆ لەگەڵ كتێب و پاشا و قارەمانكاندا دەكەیت.
 
Bachtyar Ali
Subjects
New Writing
Writing About
Theory Writing
Meeting
Poem
Novel
h Copyright© bachtyar-ali.com. All rights reserved.
Designed by
AKAM EnG
.
h